چیرۆکی نەخۆشەکان - ژمارەی یەکەم
من ناوم نمەیە، خەڵکی شاری کەلارم. تەمەنم سیانزە ساڵە و پۆلی هەشتم لە قوتابخانەی پەژاری بنەڕەتی دەخوێنم. ئەمەوێ باسی کێشەیەکی خۆمتان بۆ بکەم کەلە ڕابردوو هەمبووە. کێشەکەی من نە کێشەی خوێندن بوو، نە کێشەی ڕوخسارم بوو، نە کێشەی کۆمەڵگام بوو. کێشەکەی من کێشەی قسەکردنم بوو، من بە لوت قسەم دەکرد، کاتێ قسەم دەکرد دەنگی لووتم ئەهات و نەمدەتوانی پیتەکانی(ژ،ز،چ،ج،ش،س) بڵێم.
پێشتر لە قوتابخانەی ڕاپەڕین بووم، لە پۆلی ١ تاوەکو ٦ لەوێ بووم، لە لقی ئەلف بووم. زۆر تووشی گاڵتە پێکردن بووم، قوتابییەکانی تر لاساییان دەکردمەوەو پێم پێدەکەنین. زۆر دڵتەنگیان کردم بەڵام باشبوو هاوپۆلەکانی خۆم گاڵتەیان پێم نەدەکرد. لە پۆلی شەش بووم، چاودێری پۆلەکەی خۆم بووم. قوتابییەک هاتە ناو پۆلەکەی ئێمە، منیش ویستم بیکەمە دەرەوە چونکە ئێمەی بێزار دەکرد.
کە گوێی لە دەنگم بوو یەکسەر گاڵتەی پێ کردم، زۆرم پێ ناخۆش بوو. هەست رق و قینێکی زۆرم هەبوو بەرامبەر ئەو کەسە و هاوکات بەزەییم بە خۆمدا ئەهات. هاوپۆلەکانم کردیانە دەرەوە، خەریک بوو بگریم بەڵام نەمهێشت. بەڵام کە چوومەوە بۆ ماڵەوە یەکسەر چوومە ژوورەکەی خۆم و تێر گریام. هەوڵم دا لەبیری بکەم چونکە خراپ دەبوو بۆ باری دەروونیم.
بەهەرحاڵ ئەوەم لا گرینگ نەبوو، پشتگوێم خست. چیمبکردایە، کەس نەبوو چارەسەرم کات تەنیا نمرەکانم و خۆشەویستی مامۆستاکانم دڵخۆشیان ئەکردم و وایان ئەکرد بەردەوام بم لە خوێندن. مامۆستاکانم منیان زۆر خۆشەویست. قوتابخانە تەواو بوو چوومە کۆرسی ئینگلیزی، کۆرسەکەش تەواو بوو. چووم بۆ قوتابخانەی پەژار. هەفتەی یەکەم زۆر شەرمم دەکرد قسە بکەم، ئەترسام کە یەکێک گاڵتەم پێ بکات.
رۆژێک یەکێک لە هاوپۆلەکانم زانی کە من شەرم دەکەم قسە بکەم هات بۆلام، لە تەنیشتم دانیشت پێی وتم کە شەرم نەکەم، ئەوە بە دەست خۆم نییە، قەدەری خوایە، بەوە دڵخۆش بووم بەڵام خۆ هەر ئەمزانی کێشەم هەیە. مامۆستای زمانی ئینگلیزی زۆر منی خۆشدەویست هەمیشە پشتگیری دەکردم. منی بە دکتۆر بانگ دەکرد ئەوە بۆ من زۆر گرینگ بوو.
لە کۆتاییەکانی قوتابخانە نەخۆشخانەی لایف ئاگاداریەکیان بڵاو کردەوە کە دکتۆرێکی ئێرانی هەیە چارەسەری ئەم کێشانە دەکات و دێ بۆ نەخۆشخانەکە. باوکم بە پورزاکەمی وت هەر کاتێک هات پێمان بڵێت. پورزاکەم لەوێ ئیشی دەکرد. کۆتا ڕۆژی قوتابخانە هات، ئەنجامەکان ئاشکرا بوون، من بەیەکەمی پۆلی حەوت دیاری کرام. زۆر دڵخۆش بووم. ڕۆژی دواتر سەردانی دکتۆر هیوام کرد.
دوای نازۆر و پشکنین و پرسیار لە خۆم و باوکم، وتی درەنگ هێناوتانە. بەڵام باوکم باسی کرد کە سەری دوکتۆری پێداوم بە منداڵی و وتوویانە چارەسەری نیە. دکتۆر هیوا دڵنیای کردم کە ئەگەر گوێ لە قسەی بگرم رەنگە کێشەکەم بە تەواوی چارەسەر بکرێ. وتی ئەگەر نەبوو جا دواجار ئەبێ نەشتەرگەریت بۆ بکرێ. چەن راهێنان و مساجی ناو دەم و قوڕگی بۆ کردم.
دواجار چەن ڕاهێنانێکی پێ وتم بۆ قسە کردنم. لە قسەکانی دکتۆر هەستم بە راستگۆیی داکرد، هیوایەکی پێ بەخشیم، ئەگەر کێشەی قسەکردام نەمابا، ئیتر هیچم لە خودا نەدەویست. بە چڕی دەسم کرد بە راهێنانەکان، رۆژانە دوبارەم دەکردەوە و لە واتساپ بۆ دکتۆرم دەنارد. لە سەفەری دوهەمی دکتۆر هیوا بۆ نەخۆشخانەی لایف، دیسان سەردانم کرد. زۆر دڵخۆش بوو بەوەی کێشەکەم کەمتر بوە و راهێنانێکی زۆرتری بۆ کردم و وتی ئەبێ بەردەوام بم تا کێشەکەم بە تەواوی چارەسەر دەبێ.
بە بیستنی ئەوەی کە کێشەی قسەکردنم بە تەوای چارەسەر دەبێ زۆر دڵخۆش بووم. هەتاوەکو سێ مانگ دواتر، کێشەکەم نەما و سپاس بۆ خوا ئێستا زۆر باش قسە دەکەم. لە دڵخۆشییا هەر شتێک ببینم قسەی لەگەڵ دەکەم، کە سەیری یاری تۆپی پێش دەکەم قسە دەکەم. لەگەڵ شتە بێگیانەکانیش قسە دەکەم، لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکەمیشدا قسە دەکەم. دەنگی خۆم ڕیکۆرد دەکەم و گوێی لێ دەگرم، زۆر حەزدەکەم گوێم لە دەنگی خۆم بێت.
چاوەڕێی قوتابخانە دەکەم، ئەمەوێ هاوڕێکانم ببینم و پێیان بڵێم ئێستا زۆر باشم ئەو کێشەیەم نەماوە.
بدون دیدگاه