ئەندۆسکۆپی قوتدان یان پشکنینی فیبرئۆپتیکی قوتدان بە ئەندۆسکۆپ (FEES)

ئەگەر کێشەی قوتدان یان دیسفاژیت هەیە تا کۆتایی ناوەڕۆکەکە لەگەڵمان بمێنیتەوە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین کێشەی قوتدان و دیسفاژی بە وردی باس بکەین و ئەندۆسکۆپی قوتدان یان پشکنینی فیبرئۆپتیکی قوتدان بە ئەندۆسکۆپ (FEES) وەک نوێترین و باشترین ڕێگەی دەستنیشانکردن و چارەسەری کێشەی قوتدانت پێ بناسێنین. دیسفاژی یان تێکچوونی قوتدان ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک کێشەی جیاواز لە قوتدانی خۆراک و شلەمەنیەکاندا.

مانەوە و گیرکردنی خواردن لە قوڕگدا، ڕوودانی کۆکە لە کاتی قوتدان و دوای قوتدان، کێشەی قوتدانی لیک، کێشەی خواردنی خۆراکی ڕەق، کێشەی خواردنی ئاو و شلەمەنی، و قوتدانی بەزەخت و زۆر ئاماژەن بۆ دیسفاژی یان کێشەی قوتدان. ئەگەر خۆت یان کەسێکی نزیک لە خۆت یەکێک لەو نیشانانەی سەرەوەتان هەبوو، بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە، زانیاری پێویستت دەست دەکەوێت بۆ پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشی قوتدان و چارەسەرکردن و چاککردنەوەی کێشەکەت.

ئەندۆسکۆپی قوتدان_ کێشەی قوتدان_نازۆری قوتدان_
ئەندۆسکۆپی قوتدان_ کێشەی قوتدان_نازۆری قوتدان_

قوتدان چیە و چۆن دەکرێت؟

خواردن و خواردنەوەی شلەمەنیەکان بەتایبەت ئاو پێداویستییەکی سەرەتایی و گرنگی لەشی مرۆڤە. ژیان بەبێ خواردن بەردەوام نابێت، هەر بۆیە ئامادەکردن و جوین و قوتدان و هەرسکردن و هەڵمژینی خۆراک پرۆسەیەکی بەردەوام و ئاڵۆزە کە بەشێکی زۆری کات و وزەی لەش دەگرێت. بوونی کێشە لە هەریەکێک لەو هەنگاوانەی سەرەوە دەبێتە هۆی تێکچوونی خواردن و لێکەوتە جدیەکانی دوای ئەوە.

قۆناغی زارەکی پرۆسەی خواردن، واتە ئەو بەشەی ناو زار ئەکرێ و بریتییە لە جوین و قوتدان یەکێکە لە چێژبەخشترین شتەکانی ژیانی مرۆڤ. هاوکات ئەم کردارە چێژبەخشە لە مرۆڤدا بۆتە چالاکیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خێزان و کەسانی دەوروبەر و بەشێک لە چالاکییە چێژبەخشەکانی ڕۆژانە پێکدەهێنێت. هەندێک لە نەخۆشەکان ڕاستگۆیانە ئەڵێن ئەگەر نەخۆشی قوتدان و کێشەی خواردنیان چارەسەر نەکرێ  و نەتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی خواردن بخۆن، ئیتر ئارەزو و هیوای بەردەوامبوونی ژیانیان نامێنێ. ڕەنگە چێژبەخشی و کۆمەڵایەتی بوونی خواردن هۆکارێ سەرەکی قسەی ئەم نەخۆشانە بێت.

جەستەی مرۆڤ بە باشی بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکییە گرنگە گونجاوە. لە کاتی قوتداندا خۆراک لە دەمەوە دەگوازرێتەوە بۆ سورێنچک و دواتر بۆ گەدە. ئەم گواستنەوەیە لە ڕێگەی قوڕگەوە ئەنجام دەدرێت. قوڕگ و کشکشێ یەکێکە لە ڕێڕەوە گرنگەکانی لەش کە دەبێت هاوکات هەناسەدان و قوتدان و پاراستنی کۆئەندامی هەناسەدان ئەنجام بدەن بۆ ڕێگریکردن لە خنکان.

ناردنی خۆراک لە دەمەوە بۆ قوڕگ و ڕێگریکردن لە چوونی بۆ ناو سییەکان و گواستنەوەی بۆ سورێنچک، کارێکی ئاڵۆز و گرنگ و زۆر خێرایە. شلەمەنی و خواردنی جوێنراو بە یارمەتی زمان بەرەو قوڕگ دەنێردرێن و ئێپیگلۆتیس، ئەو ئەندامە بچووکە کڕکڕاکەییەی پشتی زمان، دەچەمێتەوە و کشکشێ دائەپۆشێ بۆ ئەوەی خۆراک نەچێتە ناو بۆری هەناسەوە. لە کۆتاییدا کشکشێ بەرز دەبێتەوە و خواردنەکە ئاراستە دەکات بۆ سەرەتای سورێنچک. کۆی ئەم هەنگاوانە پێی دەوترێت قوتدان. چەندین ماسولکە و دەمار و زۆر ناوچەی مێشک پێکەوە کاردەکەن بۆ قوتدانی دروست و بێ کێشە. 

مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک و بەبێ کێشە بە باشترین شێوە و بێ ئیرادە ئەو کارە دەکات و پێویستی بە تێفکرین و تێکۆشان نییە. ئێمە بێ ئەوەی بیری لێبکەینەوە خواردن و خواردنەوە ئەخۆین و هەموو کات و تەنانەت لە کاتی خەویچدا لیکی دەممان قوت ئەدەین. هەر کێشەیەک لە ناوچەی دەم، قوڕگ، کشکشێ، سورێنچک یان ماسولکە و دەمارەکانیان دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی.

کێشەی قوتدان یان دیسفاژی چیە و نیشانەکانی چین؟

دیسفاژی یان تێکچوونی قوتدان ئەبێتە هۆی بەربەست یان کێشە بۆ خواردن و قوت دان. ئەو نەخۆشانە دیسفاژیان هەیە لە کاتی قوتدانی لیک یان خواردن و شلەمەنیەکان هەست بە ئێش و ئازار ئەکەن. هاوکات بەشێ لەم نەخۆشانە هەست بە گرێ لە قوڕگدا ئەکەن. بەشێتریان لە کاتی قوتدان و دوای قوتدان وە کۆکە و قفە ئەکەون. بەشێ لەم نەخۆشانە لە قوتدانی لیک کێشەیان هەیە بەڵام بەشێکیان تەنیا لە خواردنی خۆراکی ڕەق ناتەوانن. نیشانەکانی تری کێشەی قوتدان یان دیسفاژی بریتین لە هەستکردن بە هەناسە تەنگی لەکاتی خواردن، بیستنی دەنگی قوتدان لەکاتی خواردنەوەی ئاودا، و هەوکردنی زوو بە زووی سییەکان. 

 

دیسفاژی و کێشەی قوتدان نەخۆشی نیە بەڵکو نیشانەی نەخۆشیەکانی ترە. کێشەی قوتدان یان دیسفاژی بەهۆی نەخۆشی جۆراوجۆرەوە دروست دەبێت. کێشەی قوتدان یان دیسفاژی دەتوانێت نیشانەی شێرپەنجە، ئیفلیج بونی کشکشێ و دەنگەژێیەکان، و تەنانەت هەوکردنی قوڕگ و سورێنچک بێت. 

هەروەها کێشەی قوتدان یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی نەخۆشییە دەمارییەکان وەک جەڵتەی مێشک، پارکینسۆن، ئەلزەهایمەر، ئێم ئێس و برینداربوونی مێشک. نزیکەی 50%ی ئەو کەسانەی کە جەڵتەی مێشکیان هەیە تا ڕادەیەک دوچاری دیسفاژی و کێشەی قوتدان ئەبن.

ئیندۆسکۆپی قوتدان یان نازۆری قوتدان یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ دەستنیشان کردن و دەرمانی هۆکارەکانی دیسفاژی.  بە ئەندۆسکۆپی قوتدان یان نازۆری قوتدان تەندروستی قوڕگ و کشکشێ تاقی ئەکرێنەوە و بارستە و وەرەمەکانی قوڕگ بە زووترین کات دەستنیشان ئەکرێن.

نیشانەکانی دیسفاژی و کێشەی قوتدان:

1. کۆکە لەکاتی قوتدان یان دوای قوتدانی خۆراک یان خواردنەوەی شلەمەنیەکان
2. ڕژانی خۆراک یان شلەمەنیەکان لە لووتەوە
3. هەستکردن بە ئازار لەکاتی قوتدان
4. بازدانی لیک یان خۆراک و شلەمەنیەکان لە قوڕگدا
5. گیرکردنی پاروی خواردن لە قوڕگدا
6. کێشە لە قوتدانی لیکدا
7. نەتوانینی خواردنی خۆراکی ڕەق
8. قوتدانی قورس و بە ئازار
9. هەناسە تەنگی لەکاتی خواردن
10. هەوکردنی سییەکان بە هۆکاری نادیار

 

زۆرجار دیسفاژی و کێشەی قوتدان بە هۆی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارە وەک جەڵتەی مێشک، پارکینسۆن، ئیفلیجی مێشک، و هتد رو ئەدا. هەروەها دیسفاژی و کێشەی قوتدان لە کۆرپە و منداڵەکانیچ زۆر رو ئەدا. نەخۆشی و تێکچوونەکانی وەک ئیفلیجی مێشک، ئۆتیزم، َADHD، نەخۆشی لارینگۆمالسیا دەتوانن ببنە هۆی دیسفاژی و کێشەی قوتدان لە منداڵاندا.

بەگوێرەی ئامارە جیهانیەکان، ڕێژەی دیسفاژی و کێشەی قوتدان لە منداڵاندا زۆرە و نزیکەی 20%ی منداڵان تا ڕادەیەک توشی دیسفاژی ئەبن و کێشەی خواردنیان هەیە. 

ڕێژەی دیسفاژی و کێشەی قوتدان دوای منداڵی کەم دەبێتەوە، بەڵام لە تەمەنی پیری، دووبارە رو لە زیاد بوون ئەکا. بە پێی ئامار، لە سەدا 20ی بەساڵاچوان تووشی دیسفاژی و کێشەی قوتدان ئەبن کە رێژەیەکی ئیجگار بەرزە و زۆر جار هۆکارێکی دیاریکراوی نییە. ئەندۆسکۆپی قوتدان یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ دەستنیشانکردنی دیسفاژی و کێشەی قوتدان لە نەخۆشە جیاوازەکاندا.

نیشانەکانی دیسفاژی و کێشەی قوتدان ، ئەندۆسکۆپی قوتدان
نیشانەکانی دیسفاژی و کێشەی قوتدان ، ئەندۆسکۆپی قوتدان

پێش قوتدان، خۆراک لە دەمەوە ئاراستەی قوڕگ دەکرێت و کردەوەی قوتدان دەس پێ ئەکا

مەترسی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی لە سەر نەخۆش

مەترسی سەرەکی و گرنگترین مەترسی دیسفاژی و کێشەی قوتدان، چوونە ژوورەوەی شلەمەنی و خۆراک و لیکی دەم بۆ ناو لوولەی هەناسە و سییەکانیە. ئەمەش دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان. چوونە ژوورەوەی خۆراک بۆ ناو لوولەی هەناسە بە ئاسپیرەیشن ئەناسرێ. خەواندنی درێژخایەن لە نەخۆشخانە، تێچووی زۆر بۆ چارەسەری هەوکردنی سییەکان و لە هەندێک حاڵەتدا مردنی نەخۆشەکە دەرئەنجامی ئاسپیرەیشنن. 

ئامارەکان دەریدەخەن کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە نەخۆشانی جەڵتەی مێشکدا، ئاسپیرەیشنە کە بەهۆی دیسفاژی و کێشەی قوتدان لە دوای جەڵتەی مێشکەوە ڕوودەدات. هەروەها نەخۆشانی جەڵتەی مێشک و هەندێک لە نەخۆشانی تری دەمارەکان مەترسی ئاسپیرەیشنی سایلنت یان بێدەنگیان لە سەرە، واتە چوونە ژوورەوەی شلەمەنی و خۆراک و لیکی دەم بۆ ناو لوولەی هەناسە و سییەکان بێ ئەوەی کەس پێی بزانێ.

مەترسییەکانی دیسفاژی و کێشەی قوتدان.

  1. ئاسپیرەیشن یان چوونە ژوورەوەی خۆراک بۆ ناو لوولەی هەناسە و سییەکان.
  2. هەوکردنی مەترسیداری سییەکان
  3. مانەوەی درێژخایەنی نوخۆش لە نەخۆشخانە و ICU 
  4. دابەزینی کێشی جەستە
  5.  تینوویەتی مەترسی دار و کەم بوونەوەی ئاوی جەستە
  6. مەرگی نەخۆش

ئاسپیرەیشنی سایلنت یان شاراوە هیچ نیشانەیەکی دیاری نییە و نە نەخۆش و نە کەس و کاری نەخۆش پێی نازانن. لە ئاسپیرەیشنی سایلنت خواردن و شلە دەچنە ناو سییەکان بەبێ ئەوەی نەخۆش کۆکەی هەبێ. بۆ دەستنیشانکردنی دیسفاژی و ئاسپیرەیشنی سایلنت، پێویستە پشکنینی ورد بە ئەندۆسکۆپی قوتدان واتە نازۆری قوتدان بۆ نەخۆشەکە بکرێ.

دیسفاژی و کێشەی قوتدان ئەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی خواردن و دابەزینی مەترسیداری کێشی نەخۆش. هەروەها مەترسی کەم بوونی ئاوی جەستە و وشکبوونەوەی لەش لەم نەخۆشانەدا زۆر جددییە و مەترسییەکی گەورە لە سەر ژیانی نەخۆشەکە دروست دەکات و ئەبێتە هۆی تێکچوونی ئەلکترۆلایتەکانی جەستە و مردنی نەخۆش. باشترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لەو مەترسیانە، دەستنیشانکردنی پێشوەختەی کێشەی قوتدان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەیە. 

دەستنیشانکردنی دیسفاژی و کێشەی قوتدان

دوو گروپی سەرەکی نەخۆشەکان پێویستە بە ئەندۆسکۆپی قوتدان پشکنینیان بۆ بکرێت.  گروپی یەکەم ئەو کەسانەن کە نەخۆشی مێشک و دەمار یان توموری قوڕگ و ملیان هەیە. بەهۆی مەترسی ئاسپیرەیشنی سایلنت پشکنینی وردی کێشەی قوتدان بە ئەندۆسکۆپی قوتدان بۆ ئەو نەخۆشانە زۆر گرنگ و پێویستە. گروپی دوهەم ئەو کەسانەن کە نیشانەکانی دیسفاژیان هەیە بەبێ بوونی هیچ نەخۆشی یان هۆکارێکی دیار. هەندێک جار دیسفاژی یان کێشەی قوتدان سەرەتا نیشانەی نەخۆشییە گرنگ و مەترسیدارەکان وەک شێرپەنجەی قوڕگ، مل یان مێشکە. 

شێوازی جیاواز هەیە بۆ پشکنینی دیسفاژی و کێشەی قوتدان. سادەترین شێواز پشکنین لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەویە تا ئەگەری دیسفاژی دەستنیشان بکا. شێوازێکی دیکەی پشکنینی دیسفاژی، قوتدانی باریۆم یان ڤیدیۆفلۆرۆسکۆپی قوتدانە. نەخۆشەکە مادەی تیشکدەر واتە باریۆم قوت دەدات و قۆناغە جیاوازەکانی قوتدانی مادەی کۆنتراستی تیشکدەر بە درێژایی دەم و قوڕگ و سورێنچک بە تیشکی ئێکس تۆمار دەکرێن. خراپی ئەم جۆرە پشکنینە بەرکەوتنی تیشکی ئێکس و هەستی ناخۆشی خواردنەوەی باریۆمە.

نازۆری قوتدان، واتە ئەندۆسکۆپی قوتدان یان پشکنینی فیبرئۆپتیکی قوتدان بە ئەندۆسکۆپ  (FEES) ڕێگایەکی تر بۆ دەستنیشانکردنی کێشەی قوتدان یان دیسفاژیە. نازۆری قوتدان هەرزانترە لە تاقیکردنەوەی قوتدانی باریۆم، هیچ ماددەیەکی کۆنتراست بەکارناهێنرێت و پشکنین بە خواردنی خۆراکی ڕاستەقینە دەکرێ. هەروەها نەخۆش بەر تیشکی ئێکس یان هیچ جۆرە تیشک و سیگناڵێکی زیانبەخش ناکەوێت. سەرەتا ئەندۆسکۆپێکی زۆر تەسک و نەرم و نیان لە ڕێگەی لووتەوە دەخەینە ناوچەی قوڕگ و توانای قوتدانی نەخۆشەکە لە کاتی خواردنی ئاساییدا دەپشکنین. پشکنینی ئەندۆسکۆپی قوتدان واتە FEES میکانیزمەکانی قەرەبووکردنەوە دەستنیشان دەکات و هاوکات لەگەڵ دەستنیشانکردنی کێشەی قوتدان، یارمەتیدەرێکی زۆرە لە دیزاینکردنی بەرنامەی چارەسەرکردن بۆ کێشەی قوتدانی نەخۆشەکە.

ئەندۆسکۆپی قوتدان ، کێشەی قوتدان ، نازۆری قوتدان ، نازۆر یان ئەندۆسکۆپی قوتدان
ئەندۆسکۆپی قوتدان ، کێشەی قوتدان ، نازۆری قوتدان ، نازۆر یان ئەندۆسکۆپی قوتدان

وای قوتدان، هەموو خواردنەکە دەگوازرێتەوە بۆ سورێنچک و نابێت خۆراک لە بۆشایی قوڕگدا بمێنێتەوە. ئەم وێنەیە ژنێکی تەمەن ٤٣ ساڵە کە دوای جەڵتەی مێشک دوچاری کێشەی قوتدان بوە. زۆربەی خواردنەکە لە قوڕگدا ماوەتەوە و نەگوازراوەتەوە بۆ سورێنچک.

نازۆر یان ئەندۆسکۆپی قوتدان

ئەندۆسکۆپی هەر شێواز و ئامرازێکی پزیشکی دەگرێتەوە کە چاودێری و پشکنینی بۆشایی ناو ئەندامەکانی جەستە دەکا. شێوازی جۆراوجۆری ئەندۆسکۆپی وەکو ئەندۆسکۆپی گەدە، کۆلۆنۆسکۆپی، ئۆتۆسکۆپی، هیسترۆسکۆپی، ئارترۆسکۆپی، برۆنکۆسکۆپی، لارینگۆسکۆپی، و ڕینۆسکۆپی لە پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت و زۆرێک لە کێشە و نەخۆشەکان بەم ئامێرانە دەستنیشان و چارەسەر دەکرێن. یەکێک لە نوێترین متۆدەکان پشکنینی فیبرئۆپتیکی قوتدان بە ئەندۆسکۆپ (FEES) یان ئەندۆسکۆپی قوتدانە. ئەندۆسکۆپی قوتدان باشترین ڕێکارە بۆ پشکنین و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی دیسفاژی یان کێشەی قوتدان.

ئەندۆسکۆپی قوتدان یان FEES یان نازۆری قوتدان ڕێگەیەکی خێرایە بۆ پشکنینی و دەستنیشانکردن و چارەسەر کردنی کێشەی قوتدان و دیسفاژی و هۆکارەکانی. نازۆری قوتدان یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی دیسفاژی و خواردنی سەلامەت و بێ کێشە. بۆ FEES سەرەتا ئەندۆسکۆپێکی زۆر تەسک لە ڕێگەی لووتەوە ئەنێرینە ناو قوڕگەوە. سەرەتا ناوچەکانی قوڕگ و بنی زمان و ئێپیگلۆتیس پشکنینیان بۆ دەکرێت. هەر جۆرە کێشەیەک وەک هەو کردن و لاوازی و ئیفلیجی لە قوڕگ و کشکشێ و دەنگەژێ دەستنیشان دەکرێت.

لە کۆتاییدا خواردنی جیاواز وەک شلەمەنی و خۆراکی ڕەق دەدرێت بە نەخۆشەکە. لەکاتی خواردنی خۆراکدا قوتدان لە ڕێگەی ئەندۆسکۆپەوە چاودێری دەکرێت. مانەوەی خۆراک لە بۆشاییەکانی قوڕگ و کشکشێ و بوونی ئاسپیرەیشن و چوونی خواردنەکە بو سیەکان دەستنیشان دەکرێت. ڕێگەچارەکان بۆ قەرەبوی کێشە و کەمکردنەوەی مەترسی ئاسپیرەیشن دیاری دەکرێن. هەموو پشکنینەکان بە یارمەتی کامێرایەک کە بە ئەندۆسکۆپەوە بەستراوەتەوە تۆمار دەکرێن. ئەو تۆمارانە زۆر بەسوودن و پێویستن بۆ دووبارە پشکنین، دیزاینکردنی چارەسەری گونجاو، و هەروەها فێرکردنی نەخۆش بۆ چاکسازی قوتدان. 

بەو پێیەی تێپەڕاندنی ئەندۆسکۆپ لە ڕێگەی بۆشایی لووتەوە دەتوانێت هەستێکی ناخۆش بە نەخۆشەکە بدات، پێویستە ئەندۆسکۆپی قوتدان یان FEES بە زووترین کات بکرێ. ئەندۆسکۆپی قوتدان یان FEES لە کلینیکی زاگرۆسی کرماشان تەنها ٥ خولەک دەخایەنێت. ئەزموون و لێهاتوویی ئێمە وا دەکات ئەم پشکنینە بەسودە بە خێرایی و بە ئاسانی بکرێ. 

نەخۆش و خێزانەکەی چی بکەن بۆ ئەندۆسکۆپی قوتدان؟

ئامادەکاری بۆ ئەندۆسکۆپی قوتدان (FEES) سادەیە. شتێکی سەرەکی کە پێویستە نەخۆش پێش ئەندۆسکۆپی قوتدان بیکات پاکوخاوێنی دەم و قوڕگ و لووتە. بەتایبەت پاککردنەوەی لووت یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی خێرایی ئەندۆسکۆپی قوتدان. بۆ ئەندۆسکۆپی قوتدان، پێویستە نەخۆشەکە لانیکەم بۆ ماوەی ١٥ خولەک بتوانێ دانیشێ. ئەگەر نەخۆشەکە بە هۆی جەڵتەی مێشک یان هۆکارەکانی تر خەواڵو یان لاواز بو، باشترە کاتێک نەخۆشەکە بە تەواوی وریا ببو ئەندۆسکۆپی قوتدان ئەنجام بدرێت. 

هەروەها ئامادەکردنی خواردنی پێویست گرنگە. ئەم خواردنانە بۆ هەر نەخۆشێک بەپێی جۆری کێشەکە جیاوازن. بۆیە پێویستە سکرتێری کلینیک لە بارودۆخ و کێشەی نەخۆشەکە ئاگادار بکەنەوە. بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئێوە، پسپۆڕەکانمان تێکەڵەیەک لە خۆراکە ڕەقەکان، نیمچە ڕەقەکان و شلەکان پێشنیار دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی قوتدان کە پێویستە لەگەڵ خۆتان بیهێنن.

پێش ئەندۆسکۆپی قوتدان، پرسیارنامەیەکت پێدەدرێت کە دەبێت بە وردی وەڵامی بدەیتەوە. ئەم پرسیارنامەیە زانیاری لەسەر تۆمارە پزیشکییەکان و دەرمانەکانی بەکارهێنراو و سکاڵا و کێشەی نەخۆشەکە کۆدەکاتەوە. بەو پێیەی هاوکاری نەخۆش گرنگە بۆ ئەندۆسکۆپی قوتدان، بوونی هاوڕێیەک زۆر پێویستە. باشترە دوو کەس لەگەڵ نەخۆشەکە لە ژووری ئەندۆسکۆپیدا ئامادەبن. بوونی ئەم دوو کەسە لە یەک کاتدا لە هەندێک لە نەخۆشەکان یارمەتیدەر دەبێت و ڕێگری ئەکا لە دڵەڕاوکێی نەخۆشەکە.

نەخۆش و خێزانەکەی چی بکەن بۆ ئەندۆسکۆپی قوتدان؟ ، ئەندۆسکۆپی قوتدان ، کێشەی قوتدان ، نازۆری قوتدان
نەخۆش و خێزانەکەی چی بکەن بۆ ئەندۆسکۆپی قوتدان؟ ، ئەندۆسکۆپی قوتدان ، کێشەی قوتدان ، نازۆری قوتدان

چوونە ژوورەوەی خۆراک بۆ ناو قوڕگ، ئەنجامی ئەندۆسکۆپی قوتدان لە ژنێکی تەمەن ٥٣ ساڵ کە تووشی دیسفاژی بووە. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی هەوکردنی یەک لە دوای یەکی سییەکان.

دوای ئەندۆسکۆپی قوتدان یان FEES

بە پشتبەستن بە پشکنینی ئەندۆسکۆپی قوتدان، پزیشکی پسپۆڕ ڕاسپاردەی پێویست پێشکەش بە نەخۆشەکە و هاوڕێکانی دەکات. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئێمە لە کلینیکی زاگرۆسی کرماشان ڕاستگۆیی و ڕاشکاو بوون لەگەڵ نەخۆشە. دەرئەنجامی پشکنینی نازۆری قوتدان یان ئەندۆسکۆپی قوتدان بە زمانێکی سادە بۆ ئێوە ڕوون دەکرێنەوە و ستراتیژییە پێویستەکان بۆ دەستپێکردن یان بەردەوامبوون لە خواردن فێری نەخۆش و هاوڕێکانی دەکەین. ئەگەر نەخۆشەکە توانای خواردنی نەبو، خۆی و هاوڕێکانی ئاگادار دەکرێنەوە و ئەگەر پێویست بوو، پێشنیار دەکرێت بۆری لووت بۆ سورێنچک بخرێتە ناوەوە. لە کۆتاییدا پرۆگرامی چارەسەری دیسفاژی بە پشتبەستن بە تێبینییەکانی پسپۆڕ و نیازی نەخۆشەکە پلانی بۆ دادەڕێژرێ. 

ئەنجامی فەرمی و ڕاپۆرتی ئەندۆسکۆپی قوتدان وەک ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکری. ئەم ڕاپۆرتە بۆ زانیاری پزیشکانی پسپۆڕی تیمی چارەسەری ئامادە دەکرێ. فۆڕمی ڕاپۆرتی ئەندۆسکۆپی قوتدانی کلینیکی زاگرۆسی کرماشان ناوازەیە و بە پشتبەستن بە دوایین دەرئەنجامە زانستییەکان و ڕاسپاردەی ناوەندە پزیشکی و ئەکادیمییەکانی جیهان بۆ یەکەمجار لە ئێران داڕێژراوە. 

ئەندۆسکۆپی قوتدان لە کرماشان

بەمەبەستی خزمەتکردنی هاووڵاتیانی ئازیزی ئەم ناوچەیە، کلینیکی زاگرۆس بۆ یەکەمجار لە ڕۆژئاوای ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ی کۆچی هەتاوی بە یەکێک لە باشترین ئامێرەکانی ئەندۆسکۆپی تەیار کراوە. لەو کاتەوە توانیومانە پشکنینی ورد بۆ زۆرێ لە نەخۆشەکان بکەین و کێشەی قوتدان و دیسفاژی لە زۆرێک لە نەخۆشەکاندا دەستنیشان بکەین و یارمەتیان بدەین بۆ چارەسەرکردنیان. تەیارکردنی کلینیکی زاگرۆس بەم ئامرازە گرنگە بووەتە هۆی دەستنیشانکردنی خێرای نەخۆشی دیسفاژی و پێشگرتن لە چونی نەخۆشە ئازیزەکان لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە بۆ تاران. 

ئەگەر تۆ یان کەسێکی نزیک لە خۆت نیشانەکانی کێشەی قوتدان یان دیسفاژیتان هەیە، ئەوا بە سەردانی کلینیکی زاگرۆس، پشکنینی وردی نازۆری قوتدان یان ئەندۆسکۆپی قوتدانت بۆ ئەکەین، کێشەکەت بۆ دەستنیشان ئەکەین و پرۆسەی چارەسەرکردنت خێراتر دەبێ. ئەگەر کەسێک دەناسیت کە بەدەست نیشانەکانی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی دەناڵێت، تکایە ئەم بابەتەی بۆ بنێرە. کەناڵەکانی پەیوەندیکردنمان لە سۆشیاڵ میدیا هەمو کات لەبەردەستتاندایە بۆ وەڵامی پرسیاری نەخۆشەکان.