چارەسەری کێشەی قوتدان

قوتدان کردەوەیەکی ئجگار گرنگی مرۆڤە و چارەسەری کێشەی قوتدان لەو نەخۆشانەی بە هۆکاری جۆراوجۆر توشی کێشەی قوتدان دەبنەوە زۆر پێویست و گرنگە. مرۆڤ پێش لەدایک بوون و لە ماوەی کۆرپەلەدا توانای قوتدانی هەیە. قوتدان لە بنەڕەتدا بەشێکە لە هەرسکردن و لە هەفتەی دوانزەهەمی کۆرپەلە دەست پێدەکات. بە واتایەکی تر، کۆرپەلە لە هەفتەی دوانزەهەم دەست ئەکا بە قوتدانی شلەی ئامنۆتیک. قوتدان لە کۆتاییدا لە هەفتەی ٣٧ی کۆرپەلەدا بە تەواوی کارایە. هەر مرۆڤێک ڕۆژانە نزیکەی ٦٠٠ جار کردەوەی قوتدانی بێ بچووکترین کێشە و بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات ئەبێ، بۆ خواردن و خواردنەوەی شلەمەنی و قوتدانی لیک دەمی خۆی. کردەی قوتدان تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا ناوەستێت و بەبێ ئیرادە زیاتر لە کاتی بەئاگابووندا ڕوودەدات. قوتدان ئەوەندە لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا تێکەڵ بووە، ڕەنگە کەس بیر لە پشێوی و کێشەی قوتدان نەکات تا ئەو کاتەی دوچارو ئەبێ. باس لە کێشەی قوتدان لای زۆر کەس وەک کۆمێدی و گاڵتە دێتە بەر چاو.

قوتدان چییە و چۆن تێکدەچێت؟ ، دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان
قوتدان چییە و چۆن تێکدەچێت؟ ، دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان

بەڵام ڕەنگە توانای قوتدان بە هۆکاری جۆراوجۆر دوچاری کێشەی جیدی بێت و نەخۆش چیتر نەتوانێ بە ئاسانی ئاو و خۆراک بخواتەوە. ئەگەری دوچار بوون بە کێشەی قوتدان لە هەموو تەمەنێکدا لە کۆرپەوە تا تەمەنی پیری هەیە. بەڵام رێژەی دوچار بوون لە نێو کەسانی بەساڵاچوودا زۆرترە. بە پێی توێژینەوە جیهانیەکان نزیکەی لەسەدا ١٠ بۆ ٢٠ی گەورەساڵان تووشی دیسفاژی یان کێشەی قوتدان دەبن. ئەم بڕە لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاد دەکات، نزیکەی 30%ی بەساڵاچوان تووشی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی دەبن. کەواتە کێشەی قوتدان یان دیسفاژی گرنگە و ئەبێ بە هەند وەربگیرێ. ئەگەر نیشانەکانی کێشەی قوتدان لە خۆت یان دەوروبەرتدا بینی ئەوە تۆ تەنیا نیت! ڕۆژانە زۆر کەس سەردانی کلینیکە پەیوەندیدارەکان و تەنانەت ناپەیوەندیدارەکان و پزیشکە پسپۆڕەکان دەکەن کە کێشەی قوتدانیان هەیە.

نەخۆشەکان بۆ چارەسەری کێشەی قوتدانیان تەنانەت پەنا دەبەنە دەرمانی جۆراوجۆری ناسوودمەند. کێشەی قوتدان یان دیسفاژی لە زۆرێک لە نەخۆشەکاندا بە شێوەیەکی نادروست پشکنینی بۆ ئەکرێ و لە ئاخردا بە درووستی چارەسەر ناکرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، نەخۆشانی تووشبو بە دیسفاژی بە ئەزموونێکی زۆری سەرنەکەوتوو و تۆماری پزیشکی جۆراوجۆر و وێنە و ئەندۆسکۆپی و پشکنین و دەرمانی جۆراوجۆرەوە دێنە لای ئێمە. لێرە هەوڵ دەدەین پرۆسەی پشکنین، دەستنیشانکردن و چارەسەری کێشەی قوتدان بە شێوەیەکی سادە و پراکتیکی بۆ ئێوە ڕوون بکەینەوە. هیوادارین ئەو زانیاریانەی کە پێشکەش دەکرێن بۆ پرۆسەی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشەکەتان بەسوود بن. هەر کێشە یان پرسیارێکی ترتان هەبو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە خزمەتی ئێوە بەڕێزان دەبین.

قوتدان چییە و چۆن تێکدەچێت؟

هەناسەدان و خواردن دو پێویستی هەرە گرنگی جەستەن.  بەبێ خواردنەوە و خواردن، جەستە ناتوانێت بژی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​خۆراک یەکێکە لە گرنگترین پێداویستیەکانی جەستەی مرۆڤ. بۆ خواردنی پێداویستیەکانی جەستە، ئەبێ بتوانین بە بەردەوامی ئاو و خواردن قوت بدەین. قوتدان بریتییە لە ئامادەکردن و ناردنی خۆراک و شلەمەنیەکان لە دەمەوە بۆ گەدە.

قوتدان بە میکانیزمێکی دەماری ئاڵۆز و کارا لە مێشکەوە کۆنترۆڵ دەکرێ تا بە باشترین و خێراترین و کەمترین هەوڵ ئەنجام بدرێت. زۆرێک لە ناوەندە دەمارییەکان لە مێشکدا بە هاوئاهەنگی کاردەکەن بۆ ئەوەی قوتدان تەواو و ئاسان بێت. هەر جۆرە کێشە یان تێکچوونی کارایی میکانیزمەکە دەبێتە هۆی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی.

کردەوەی قوتدان سێ قۆناغی سەرەکی تێدەپەڕێنێ. زانیاری لە سەر ئەم سێ قۆناغە بۆ تێگەیشتن لە کێشەکە گرنگە و بۆ چارەسەری کێشەی قوتدان پێویستە. پێکەوە پێداچوونەوە بە سێ قۆناغی گرنگی قوتدان دەکەین.

هۆکاری دیسفاژی یان کێشەی قوتدان چییە؟ ، چارەسەری کێشەی قوتدان
هۆکاری دیسفاژی یان کێشەی قوتدان چییە؟ ، چارەسەری کێشەی قوتدان

قۆناغی زارەکی قوتدان:

قۆناغی زارەکی یەکەم قۆناغی خواردن و قوتدانە. لەم قۆناغەدا خواردنەکە دەجوێت و ئامادەی قوتدان دەکرێ. ئەم قۆناغە بە یارمەتی ماسولکەکانی دەموچاو و زمان و جوڵەی جومگەکانی چەناگە و بە ددان رو دەدات. لە هەمان کاتدا بوونی ڕژێنەکانی لیک و دەردراوەکانیان بۆ قۆناغی زارەکی پێویستە. قۆناغی زارەکی لە ژێر کۆنترۆڵی تاکدا ئەنجام دەدرێت. بەرهەمی کۆتایی ئەم قۆناغە خواردنی تا ڕادەیەک هەویرکراو و ئامادە کراوە بۆ قوتدان. لە کۆتا بەشی قۆناغی زارەکی، خواردنەکە بە یارمەتی گرژبوونی زمان ئاراستەی قورگ دەکرێت.

قۆناغی زارەکی خواردن زۆر چێژبەخشە و بۆتە چالاکیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خێزان و کەسانی دەوروبەر. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کێشەی قوتدان هاوکات  لەگەڵ کێشەی تەندروستی دەبێتە هۆی گۆشەگیری و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی.

هەر جۆرە تێکچوون و کێشەیەک لە لێو و دەم و زماندا بۆ کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی خۆراک دەبێتە هۆی کێشە لە قۆناغی زارەکی قوتدان. ڕژانی خۆراک لە دەم، ئازار لە کاتی قوتدان، کۆکە لە کاتی خواردنەوەی شلەمەنی، و درێژبوونەوەی کاتی خواردن بۆ زیاتر لە 30 خولەک لە نیشانەکانی کێشەی قۆناغی زارەکی قوتدانن.

قۆناغی قوڕگ:

دوای قۆناغی زارەکی و ناردنی خواردنەکە بۆ قوڕگ، قۆناغی قوتدانی قوڕگ کە قۆناغێکی نائیرادی و ئۆتۆماتیکییە دەس پێ دەکا. ئەم قۆناغەی قوتدان یەکێکە لە کارە ئاڵۆزەکانی مێشک. هۆکاری زۆرێک لە تێکچوونەکانی قوتدان کێشەی قۆناخی قوڕگی قوتدانە. هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ئەم قۆناغە هەناسەدان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک رادەوەستێ و بۆری هەناسە بە تەواوی دادەخرێت بۆ ئەوەی خۆراک نەچێتە ناو لوولەی هەناسە و سییەکان. پێش قوتدان خۆراکەکە لە بۆشاییەکانی قوڕگدا کۆدەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاراستەی سورێنچک بکرێت. لە کۆتاییدا قوتدان دەست پێدەکات و کشکشێ بەرز دەبێتەوە. ئەم کارە بە هێز و خێراییەکی زۆر رو ئەدا بۆ ئەوەی هەموو ناوەڕۆکی خۆراک لە ناوچەی قوڕگەوە پاک بکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ سورێنچک.

دوای قوتدان نابێت هیچ پاشماوەیەکی خۆراک لە دەم و قوڕگدا بمێنێتەوە. هەر جۆرە دواکەوتن، لاوازی، ناکارایی و نەبوونی هەماهەنگی ئەو پێکهاتانەی لە قۆناغی قوڕگدا بەشدارن دەبێتە هۆی دیسفاژی یان کێشەی قوتدان. هەستی مانەوەی پارو لە ناو قوڕگ، قوتدانی بە ئازار،  قوتدانی قورس، کۆکە لە کاتی قوتدان و دوای قوتدان، کێشە لە قوتدانی لیک، و کێشەی خواردنی خۆراکی ڕەق گرنگترین نیشانەکانی دیسفاژی قۆناغی قوڕگن. هاوکات ئەگەر لە گەڵ قوتدانی ئاو و شلەمەنی دەنگی قوڕگتان دەبیسن یان لە کاتی خواردن توشی هەناسە تەنگی ئەبن، ئێوەش بە دیسفاژی یان کێشەی قوتدان دوچارن.

قۆناغی سورێنچک:

 ئەم قۆناغە دوای قۆناغی قوڕگ دەست پێدەکات. لەم قۆناغەدا سفێنکتر یان دەروازەی سەرەتای سورێنچک دەکرێتەوە بۆ ئەوەی خۆراکەکە لە قوڕگەوە بچێتە ناو سورێنچک. هەروەها سورێنچک بە جوڵە تایبەتەکانی خۆراکەکە ئاراستەی گەدە دەکات. بوونی هەر جۆرە بارستەیەک بەدرێژایی سورێنچک یان هەر جۆرە جەخت و گوشارێک دەبێتە هۆی تێکچوونی قوتدان. لە هەندێک لە نەخۆشەکاندا، گرژبوونی ماسولکەکانی دەروازەی سەرەتای سورێنچک دەبێتە هۆی ئەوەی دەروازەکە بە داخراوی بمێنێتەوە و کێشەی قوتدان ڕوبدات. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە خۆراکەکە نەچێتە ناو سورێنچکەوە و لە بۆشاییەکانی قوڕگدا بمێنێتەوە و لەگەڵ یەکەم هەناسەی دوای قوتدان بچێتە ناو لوولەی هەناسە و سیەکان و ببێتە هۆی هەوکردنیان.

نیشانەکانی دیسفاژی یان کێشەی قوتدان

هەموومان ئەزموونی بازدانی شلەمەنی یان خۆراک بۆ ناو قوڕگمان هەیە. هەندێک جار دەبێت بە پەلە نان بخۆین یان خواردنەکانمان باش ناجوین و کێشەی قوتدانمان هەیە. ئەمانە کێشەی جددی نین. کێشەی کاتی لە قوتداندا مایەی نیگەرانی نیە. بەڵام تێکچوونی بەردەوامی قوتدان دەتوانێت کێشەیەکی پزیشکی گرنگ بێت و پێویستی بە بەدواداچوون هەیە. وەک ئاماژەمان پێدا، کێشەی قوتدان دەتوانێت لە کۆرپەییەوە تا تەمەنی پیری ڕووبدات. نیشانەکانی ئەم کێشەیە لە منداڵ و کۆرپەدا جیاوازە لە گەورەکان.

نیشانەکانی کێشەی قوتدان بریتین لە کۆکە لە کاتی قوتدان، گەڕانەوەی شلەمەنی و خۆراک لە لووتەوە، قوتدانی بە ئازار، هەستی گیربوونی پارو لە قوڕگدا، کێشەی قوتدانی لیک، کێشەی خواردنی خۆراکی ڕەق، بیستنی دەنگی قوڕگ لە کاتی قوتدان، قوتدانی قورس و سەخت، گرژبوونی هەناسە لەکاتی خواردن، و هەوکردنی ناو بە ناوی سییەکان بە هۆکاری نادیار. بە پێچەوانەی گورەکان، کۆرپە ناتوانێت باسی کێشەکەی بکات، دایکی لە نیشانەکانی کێشەی قوتدان ئاگادار بکاتەوە و بڵێ هەست بە گیربوونی خۆراک لە قوڕگ یان قوتدانی بە ئازار دەکا. بۆیە بۆ دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان لە کۆرپەدا پێویستە بەدوای نیشانەکانی تردا بگەڕێین.

نیشانەکانی دیسفاژی یان کێشەی قوتدان لە منداڵدا

  • تێک چوونی هەماهەنگی نێوان مژین و قوتدان و هەناسەدان لەکاتی خواردندا
  • هاتنەوە و ڕژانی شلەمەنی یان خۆراک لە لووتەوە
  • کێشەی مژینی شیر
  • کۆکەی هاوکات لەگەڵ خواردن یان دوای خواردن
  • نیشانەکانی هاوشێوەی خنکان لە کاتی خواردندا
  • سیانۆز و گۆڕانی ڕەنگی دەموچاو لە کاتی خۆراکدان یان دوای خۆراکدان
  • درێژخایەن بوونی شیرپێدان یان خواردن (زیاتر لە ٣٠ خولەک)
  • خۆراکی کەم و سنووردار وکێشەی جوین
  • گۆڕانکاری ڕێژەی هەناسەدان لەکاتی خۆراکدان
  • مێژووی هەوکردنی سییەکان
  • ڕەتکردنەوەی ئەو خۆراکانە یان شلەمەنیانەی کە پێشتر حەزی لێی بووە.
  • بەرز نەبوونەوەی کێش بەپێی تەمەن

هۆکاری دیسفاژی یان کێشەی قوتدان چییە؟

دیسفاژی یان کێشەی قوتدان نەخۆشی نییە بەڵکو نیشانەیە کە بەهۆی نەخۆشی یان کێشەی تەندروستی ترەوە دروست دەبێت. بۆیە پێویستە لەگەڵ پشکنین و دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی کێشەی قوتدان هۆکارەکەشی بزانرێت. زۆرێک لە نەخۆشی و کێشەکان دەتوانن ببنە هۆی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی ئۆرگانیک. کێشەی جەستەیی دەم و قوڕگ و سەرەتای سورێنچک یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی. هەروەها کێشەی دەمار و ماسولکەکانی بەشدار لە قوتدان بەهۆی نەخۆشی جۆراوجۆرەوە دەبێتە هۆی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی  دەماری. لە خوارەوە پێداچوونەوە بە هۆکاری کێشەی قوتدان دەکەین بەپێی هۆکارە سەرەکییەکان و هەندێک نەخۆشی کە دەبنە هۆی کێشەی قوتدان ناو دەبەین.

  • هۆکاری ئۆرگانیکی کێشەی قوتدان بەهۆی هەر جۆرە وەرەمێکی قوڕگ و سورێنچک یان شێرپەنجە و بارستەی سەر و مل، کێشەی جەستەیی وەک درزاوی کۆڵی دەم، یان گیرانی دەم و قوڕگ و سورێنچک ڕوو دەدات. هەروەها گەڕانەوەی ئەسیدی گەدە و هەوکردنی قوڕگ دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی قوتدانی ئۆرگانیک. بە پێچەوانەی کێشەی قوتدانی دەماری، کێشەکە لە ڕێڕەو و پێکهاتەکانی بەشدار لە قوتداندایە. یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەی قوتدانی لەم جۆرە بریتییە لە دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان بە وردی هۆکارەکە و چارەسەری پێویستی پزیشکی بە نەشتەرگەری یان ڕێگەی گونجاو. نیشانەکانی کێشەی قوتدانی ئۆرگانیک بریتین لە هەستی ئێش و ئازار لە کاتی قوتدان، گیرانی ڕێڕەوی قوتدان، نیشانەکانی ئاسپیراسیۆن، کێشەی خواردنی خۆراکی ڕەق.
  • لە کێشەی قوتدانی دەماری، کۆنترۆڵکردنی دەماری ماسولکەکانی قوتدان دوچاری کێشە دەبن و هۆکارە دەمارییەکان دەبنە هۆی دیسفاژی یان کێشەی قوتدان. کێشەی قوتدانی دەماری بەهۆی تێکچوونی کارکردنی دەمار و ماسولکەکانی بەشدار لە قوتدان دروست دەبێت. زەبری مێشک، جەڵتەی مێشک، نەخۆشیەکانی دەمار و ماسولکە یان نۆرۆماسکولار، نەخۆشی ماسولکەکان یان میۆپاتی، ئیفلیجی مێشک، پارکینسۆن، نەخۆشی ئاڵزایمێر، و نەخۆشی ئێم ئێس دەتوانن ببنە هۆی کێشەی قوتدانی دەماری. ئاسپیراسیۆن بەتایبەت لەکاتی خواردنەوەی شلەمەنی، قوتدانی یەک لە دوای یەک، کەمبوونەوەی خێرایی و هێزی3 قوتدان و هەستکردن بە گیربوونی خۆراک لە قوڕگدا لە نیشانەکانی کێشەی قوتدانی دەمارین. چارەسەری کێشەی قوتدانی دەماری دوای دەستنیشانکردن بە تواناکردنەوەی ماسولکەکانی تووشبوو، زیادکردنی خێرایی و هێزی قوتدان و چاککردنەوەی قوتدان لەلایەن خەسارناسی قسەکردن ، زمان و قوتدانەوە دەکرێت.

کێشەی قوتدانی فانکشناڵ کاتێک ڕوودەدات کە پشکنین و لێکۆڵینەوەکانی پاراکلینیک وەک نازۆری قوتدان هیچ وەرەم و برین و بەربەست و کێشەیەکی جەستەیی لە ڕێڕەوی قوتداندا نیشان نەدات و کەسەکە کێشەی قوتدانی ئۆرگانیکی نەبێت. هەروەها، توێژینەوەکان بوونی هەر جۆرە نەخۆشییەکی دەمار و کێشەی قوتدانی دەماری ڕەت بکەنەوە. بە گشتی، کێشە دەروونییەکانی وەک هیستریا و دڵەڕاوکێ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە توشبوون بە کێشەی قوتدان یان دیسفاژی فانکشناڵ. لە هەمان کاتدا، ئینتوبەیشنی درێژخایەن و کێشەی ڕەفتار لە منداڵاندا دەتوانێت ببێتە هۆی قوتدان یان دیسفاژی فانکشناڵ. هەروەها کێشەی قوتدان یان دیسفاژی فانکشناڵ دەتوانێت بەهۆی لاوازی دەمار و ماسولکەکان لە تەمەنی پیریدا رو بدات.

ئەو حاڵەت و نەخۆشیانەی کە دەبنە هۆی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی

  • کێشەکانی هەرسکردن لەوانەش گەڕانەوەی ئەسیدی گەدە
  • جەڵتەی مێشک
  • برینداربوون و تەزووی مێشک
  • نەخۆشیەکانی دەمار و ماسولکە (نۆرۆماسکولار)
  • شێرپەنجە و بارستەی مل
  • کێشەی دڵ و سییەکان
  • خەسار و کێشەی کاتی لەدایک بوون
  • درزی کۆڵی دەم
  • ئیفلیجی مێشک
  • لەدایکبوونی پێشوەختە
  • کێشەی هەستی ناو دەم
چارەسەری کێشەی قوتدان ، دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان

کاریگەری کێشەی قوتدان لەسەر ژیانی نەخۆش

کێشەی قوتدان پاراستنی بۆری هەناسە لە هاتنە ژوورەوەی خۆراک تێکدەدات. ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی ئاسپیراسیۆن و خۆراک و شلەمەنیەکان ئەچنە ناو سییەکان و لە کۆتاییدا دەبنە هۆی هەوکردنی سییەکان. هەروەها کەم خۆراکی و وشکبوونەوەی لەش بە هۆی کێشەی قوتدان مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی و مانەوەی نەخۆش دروست دەکات. لە لایەکی ترەوە کێشەی قوتدان دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ لە بواری خواردن و خواردنەوەدا و خواردن دەکاتە کارێکی پڕ لە ئازار. قوتدانی بە ئازار و ترس لە خنکان لە کاتی خواردن و خواردنەوەدا دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بۆ مرۆڤ.

دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی

ئەگەر ئەو نیشانانەی سەرەوە کە باسکران لە خۆت یان کەسوکارەکەتدا هەیە، پێویستە سەردانی پزیشکە پسپۆڕە پەیوەندیدارەکان بکەیت بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنین و دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی. بەپێی جۆری کێشەکە و هۆکارە سەرەکیەکانی، نەخۆشەکە ڕەوانەی پزیشکی پسپۆڕی گوێ و لووت، چارەسەری قسەکردن و زمان و قوتدان، گەدە و ڕیخۆڵە، دەمار، دەروونناس و پسپۆڕی خۆراک دەکرێت. ڕێگەی جیاواز هەیە بۆ دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی. دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان بە پشکنینی کلینیکی لەلایەن پسپۆڕی چارەسەری قسەکردنەوە ئەنجام دەدرێت. سادەترین شێواز هەڵسەنگاندنی کلینیکییە. هەڵسەنگاندنی سەرەتایی ئەو نەخۆشانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە دەستنیشان دەکات کە. ئەگەر پێویست بوو ئەندۆسکۆپی قوتدان و پشکنینی قوتدانی باریۆم ئەنجام دەدرێت. بۆ هەندێک لە نەخۆشەکان بۆ پشکنینی کێشە ئەگەرییەکانی سورێنچک و گەدە ئەندۆسکۆپی گەدە دەکرێت.

یەکێک لە شێوازە پاراکلینیکیەکانی دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان یان دیسفاژی ڤیدیۆفلۆرۆسکۆپی قوتدان یان تاقیکردنەوەی قوتدانی باریۆمە. لەم شێوازەدا قۆناغە جیاوازەکانی جوڵەی ئەو ماددە تیشکدەرەی کە نەخۆشەکە قووتی دەدات بە درێژایی دەم و قوڕگ و سورێنچک بە تیشکی ئێکس بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. شێوازێکی تری پاراکلینیک بۆ دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان بریتییە لە ئەندۆسکۆپی قوتدان یان نازۆری قوتدان یان FEES. بە  ئەندۆسکۆپی قوتدان یان FEES پێکهاتە و کارکردنی قوڕگ و سەرەتای سورێنچک پشکنینی وردی بۆ دەکرێت. هەر جۆرە کێشەی قوتدان، کەمبوونەوەی هێزی ماسولکەکان، ئاسپیراسیۆن، و بوونی بارستە و برین لەم ناوچانەدا بە ئەندۆسکۆپی قوتدان دەستنیشان دەکرێن.

هەندێک جار، کێشەی قوتدان یەکەم نیشانەی نەخۆشییە گرنگەکان وەک شێرپەنجەکانی قوڕگ و ملە. دەستنیشانکردنی پێشوەختە هەم مەترسی ئاسپیراسیۆن و بەدخۆراکی کەم دەکاتەوە، هەم دەبێتە هۆی دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان و هۆکارە گرنگەکانی و دەستپێکردنی چارەسەری کێشەی قوتدان.

دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان ، چارەسەری کێشەی قوتدان یان ناڕێکی خواردن ، چارەسەری کێشەی قوتدان
دەستنیشان کردنی کێشەی قوتدان ، چارەسەری کێشەی قوتدان یان ناڕێکی خواردن ، چارەسەری کێشەی قوتدان

چارەسەری کێشەی قوتدان یان ناڕێکی خواردن

چارەسەری کێشەی قوتدان بە دەستنیشان کردنی هۆکارەکەیەوە بەندە. ئێمە بە ڕێبازێکی زانستی، کێشەی قوتدان دەستنیشان دەکەین، نیشانەکان و میکانیزمی دیاری دەکەین، و لە کۆتاییدا میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی کاریگەر و چارەسەری کێشەی قوتدان دەگرینە بەر.  دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشیەی کە بوەتە هۆی دیسفاژی یان کێشەی قوتدان گرنگە. چارەسەری کێشەی قوتدان لەم نەخۆشانەدا لە چارەسەرکردنی هۆکاری بنەڕەتییەوە دەست پێدەکات. ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێویست بۆ لابردنی بارستە و چاککردنی کێشە جەستەییەکان هەنگاوێکی گرنگ و سەرەتاییە. لەو نەخۆشانەی کە تووشی گەڕانەوەی ئەسیدی گەدەن، دەرمان، خۆراکی دروست، گۆڕینی شێوازی ژیان، و چارەسەری دڵەڕاوکێ و حاڵەتە دەروونییەکان کە گەڕانەوەی ئەسیدی گەدە خراپتر دەکەن پێکهاتەی گرنگی چارەسەری کێشەی قوتدانن. لەو کەسانەی کە تووشی کێشەی جوڵەی ماسوولکەکانی قوڕگ وەک ئیفلیجی قوڕگ و کۆڵی نەرمن، تواناکردنەوەی جووڵە لەگەڵ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ئیفلیج بوون، پێکهاتەی گرنگی چارەسەری کێشەی قوتدانن.

لە هەموو کاتدا، چاکسازی و چارەسەری کێشەی قوتدان لەلایەن پسپۆڕی چارەسەری قسەکردنەوە یەکێکە لە لایەنە گرنگ و بەردەوامەکانی چارەسەری  دیسفاژی. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەی قوتدان لە کەسانی بەساڵاچوودا لاوازبوونی ماسولکەکانی قوڕگە. تواناکردنەوە و بەهێزکردنی ئەم پێکهاتانە لەلایەن پسپۆڕانی چارەسەری قسەکردن دەکرێت. پسپۆڕی چارەسەری قسەکردن لە کلینیکی زاگرۆسی کرماشان بە هاوکاری پسپۆڕە پەیوەندی دارەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دەستنیشانکردن و چارەسەری کێشەی قوتدان. بوونی ئامێری ئەندۆسکۆپی قوتدان لە کلینیکی زاگرۆس یارمەتیمان دەدات بۆ پشکنینی نیشانەکان و میکانیزمەکانی قەرەبووکردنەوە لە هەر نەخۆشێکدا بە شێوەیەکی ناوازە. ئەم کارە یارمەتیدەرمانە بۆ داڕشتنی بەرنامەی چارەسەری کێشەی قوتدان بە شێوەیەکی ناوازە بۆ هەر نەخۆشێک. پشکنین و دەستنیشانکردن و چارەسەری کێشەی قوتدان لای ئێمە بە خێراترین کات بە ڕێوە دەچێ.

ستراتیجی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەی قوتدان لە  کلینیکی زاگرۆسی کرماشان بەندە بە کێشەی تایبەتی هەر نەخۆشێکەوە. دوای هەڵسەنگاندنی کلینیکی، ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕانی پەیوەندیدار و ئەندۆسکۆپی قوتدان، بە پێی کێشەی نەخۆشەکە تێکەڵەیەک لەم چارەسەریانەی خوارەوە بەکاردەهێنرێت:

  • زیادکردنی هێز و مەودای جووڵە و هەماهەنگی جوڵەی لێو و زمان و ماسولکەکانی دەموچاو بۆ باشترکردنی دۆخی قوتدان و خواردن.
  • زیادکردنی هێزی ماسولکەکانی بەشدار لە جوینی خۆراکدا بۆ ئاسانکاری پرۆسەی ئامادەکردن و باشترکردنی قۆناغی زارەکی قوتدان.
  • دەستێوەردانی پێویست بۆ کەمکردنەوە یان زیادکردنی هەستەکانی ناو دەم.
  • کەمکردنەوەی هەستی ناخۆش و بێزاری لە خواردن و شلەمەنیەکان.
  • کەمکردنەوەی خۆدزینەوە لە بەرامبەر خۆراک، بەتایبەتی لە منداڵاندا.
  • دابینکردن و فێرکردنی چارەسەری گونجاو بۆ کەمکردنەوەی مەترسی ئاسپیراسیۆن.
  • گۆڕانکاری پێویست لە شلی یان چڕیی خۆراک یان شلە بەپێی بارودۆخی نەخۆشەکە.
  • بڕیاردان لەسەر ئەو کەرەستانەی بۆ خۆراکدانی دروست پێویستن، وەک بۆری خۆراکدان و پەرداخ و کەرەستەی گونجاو بۆ منداڵان.
  • فێرکردنی ستراتیژی و دۆخی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەی قوتدان و باشترکردنی خواردن.
  • ڕاوێژکاری دەروونی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشانەی وا کێشەی قوتدانیان سەرچاوەی دەروونی هەیە.
  • بەکارهێنانی بایۆفیدباکی ماسولکەیی بۆ زیادکردنی هێزی ماسولکەکانی بەشدار لە قوتدان
  • بەکارهێنانی هاندانی کارەبایی مێشک یان tDCS بۆ هاندانی ئەو ناوچانەی مێشک کە بەشدارن لە قوتدان